ڕاپۆرتی خەبەری لە هەشت ڕۆژ خۆڕاگری و بەرخۆدانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری(ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)

لە دڕێژەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەڕبرین بە کووشتنی مەهسا (ژینا) ئەمینی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زۆربەی شاروشاڕۆچکەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بەو جینایەتە خەڵک هاتنە سەر شەقام و بە وتنەوەی درووشم بە دژی کۆماری ئیسلامی نەفرەت و بێزاری خۆیان لەو ڕێژیمە جینایەتکارە دەڕبری.

لە هەمووی ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەڕبرینانە کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندترین شێوە بەڕامبەر ئەو خۆپێشاندانە مەدەنیانە ڕاوەستاوە و بە توندی بەرەنگاریان بۆتەوە لە زۆربە خۆپێشاندانەکان تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵک کراوە.

بە داخەوە لەو حەرەکەتە مەدەنیانەی خەڵکی کوردستان کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەرکووت کردنی دەدات بە سەدان کەس لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەرکراون کە تا ئێستا ٢٦٠ کەس لەو هاونیشتمانیانەی کە دەستبەسەر کراون ناوەکانیان ئاشکرا کراوە لەلای ئەنجومەن تۆمار کراون.

جێگای ئاژەیە ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکڤانەکانی سیاسی و مەدەنی  ژن لەو خۆپێشاندانانە کە بەو ئامارەی ئەنجومەن تۆماری کردووە تا ئێستا نیزیک بە ٤٠ کەس لەو چالاکڤانانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراون.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕێژەی دەستبەسەرکراوانی خوار تەمەن ١٨ساڵ لە ناو دەستبەسەرکراوان دا بەڕچاوە کە تەمەنیان ١٤ساڵ تا ١٦ ساڵە.

بە سەدان کەس لەو خۆپێشاندانە مەدەنیانە بە گوللەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوونە کە بەشێکیان لە نەخۆشخانەکان لە ژێر چاوەدێری دان و بەشێکی تریشیان لە ترسی دەستبەسەرکرانیان لە ماڵەکانی خۆیان چارەسەر وەردەگرن.

بە داخەوە تا ئێستا ١٨ کەس لە هاونیشتیمانیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لێ ئەستێندراوە کە بریتین لە:

١-موحسین محەممەدی(دیواندەرە)٢-ڕەزا لووتفی(دێولان)٣-فەرهاد دەروێشی(ورمێ)٤-فوئاد قەدیمی(دیواندەرە)٥-زەکەریا خەیاڵ(پیرانشار)٦-مینو مەجیدی(کرماشان)٧-سەدرەدین لێتانی(شنۆ)٨-فەرەیدوون مەحموودی(سەقز)٩-ئەمین مەعرفت(شنۆ)١٠-دانش ڕەهنەما(شنۆ)١١-ڕەزا سێپهر نیا(کرماشان)١٢-سەعید مەحموودی(ئیسلام ئاوا)١٣-موحسین قەیسەری(ئیلام)١٤-ئەمیر فولادی(ئیسلام ئاوا)١٥-ئیمان محەممەدی(ئیسلام ئاوا)١٦-میلان حەقیقی(شنۆ)١٧-عەبدوڵڵا محەممەدپوور(ئیسلام ئاوا)١٨-عەبدوڵسەلام گەڵوانی(شنۆ)

ئەوەی ئێستا کۆماری ئیسلامی بە بەر چاوی دوونیای مودێرن و دێموکراتیک دژ بە خۆپێشاندەران دەیکات پێشێل کردنی هەموو مافەکانی مرۆڤە و دوورە لە هەموو ڕێسا و یاسایەکی ئینسانی.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە هەموو ناوەندەکانی داکوکی کار لە مافی مرۆڤ و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات چیتر لە ئاست ئەو پێشێل کارییانەی کۆماری ئیسلامی بێ دەنگ نەبن.