محەممەد محەممەدی
کەمتر لە یەک مانگ بەسەر ئازادبوونەکەمدا تێپەڕیبوو کە لە ڕادیۆ حیزبەوە پەیامم بۆ هات کە «قەندیل ١» وەرە بۆ لامان. بەڕادەیەک بەو هەواڵە خۆشحاڵ بووم کە ئەشکەنجە و جەزرەبەکانی ئەو ماوەیەم بەتەواوی لەبیر چۆوە. دوای چەند ڕۆژان خۆم گەیاندە بنکەکانی حیزب لە باشووری کوردستان و پاش دیدار تازە کردنەوەیەک و ڕاسپاردنی هێندێک ئەرک؛ سەر لە نوێ سازمان درام و گەڕامەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دیسانەوە دەستم کردەوە بە چالاکی و سازکردنەوەی هەستە تەشکیلاتییەکانمان. هاوکات لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەرک و چالاکیی حیزبی خەریکی کاروکاسبیش بووم، ڕۆژێک لە نێوشاری دێولان تووشی مەئموورێک بووم و پێی گوتم: «ئەوە نەگیراوی؟» گوتم تازە ئازاد بووم و ئەویش گوتی کە نا ئەتۆ هێشتا ساڵێک لە حوکمەکەت ماوە و چ قازییەکی وا وا لێهاتوو، ئەو یەک ساڵەی تۆی کردووەتە تەعلیقی؟ لەدوای ئەوە زۆری نەخایاند قۆڵبەست کرام و پاش ۴۰ ڕۆژان ئەشکەنجە و لێپێچینەوە، هیچم لەسەر نەسەلمێندرا بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرام، بەڵام بازجووەکە پێی گوتم کە ئەو یەک ساڵە هەر دەبێ بکێشی و دادگا ناتوانێ بۆت بکاتە تەعلیقی؛ بە هەر شێوەیەک بوو بڕیاری خۆیان بردە سەرێ و دەستبەسەریان کردم و بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواسترامەوە. لە زیندان بێجگە لە حەسەن گۆران هەموو هاوڕێیانی پێشووم لەوێ مابوون.
لێرەدا بەجێیە چەند بیرەوەرییەکی خۆم لە ڕۆژانی زیندانم بگێڕمەوە؛ شەهید محەممەد نەدیمی کە ئەو کات پێکەوە لە زیندان بووین، ڕۆژێک لە سەر ئەوەی کەسێک سووکایەتیی کردووە بە شەهیدان، لەگەڵی بەشەڕ هات و هێندی لێدا کابرا یەکڕاست بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گوازرایەوە و شەهید محەممەدیش بۆ زیندانی تاکەکەسی. لە دوای چەند ڕۆژێک لەو ڕووداوە گەڕانەوەی بۆ بەند، هات بۆ لام و لێی پرسیم: «دەزانی ئەمڕۆ چ ڕۆژێکە؟» لە وڵامدا گوتم بەڵێ، ڕۆژی شەهیدانی کوردستانە. پێی گوتم دەی باشە بۆ وا بێهەست و بێهەڵوێستی؟ دوایە وەرە بۆ مزگەوتی زیندان. کە چووم دیتم زۆربەی هەرەزۆری حیزبییەکانی لەوێ کۆ کردووەتەوە و، هەر لەوێدا و بە ساکاری بۆنەیەکمان ڕێک خست و ئەو کارە بووە هۆی ورەبەخشینێکی زۆر بە من و هەموو هاوڕێیانی دیکەش. سێ ڕۆژ دواتر، واتە ڕۆژی سێزدەبەدەر کەش و هەوایەکی زۆر خۆشی هەبوو و ئێمەش سفرەی نەهارمان لە حەوشەی زیندان ڕاخستبوو کە بانگیان کردم بۆ ژووری چاوپێکەوتن. بەپەلە ڕۆشتم دیتم دایکم هاتووە بۆ سەردانم (چاوپێکەوتنەکانمان لە پشت شووشە و بە تەلەفوون بوو)، دایکم خەمێکی گەورە بە ڕوخسارییەوە دیار بوو، لە پاش چاک و چۆنی، لە کەش و هەوای دەرێم پرسی و ئەویش لە وڵامدا گوتی: «باران و بەفرێکە ڕۆڵەگیان هیچ کەسێک ناتوانێ ماڵەوماڵ بکا و هەموو لە ماڵ خزیون! لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە چێشت و نانێکی زۆری ساز کردووە و زۆر لە بەرپرسانی زیندان پاڕاوەتەوە و تەنانەت سەرشانی یەکیشیانی ماچ کردبوو بەڵام بەو حاڵەش نەیانهێشتبوو خواردنەکانمان بۆ بێنێ. بەوەی کە دایکم لەبەریان پاڕابۆوە زۆر تێک چووم و لەسەر دڵم گران هات، چونکی دوو ڕۆژ پێشتریش، باوکم قەندی بۆ هێنابووم و مەئموورەکان لێیان وەرگرتبوو و هەموو قەندەکەیان لە بەر دەرکی زیندان پڕش و بڵاو کردبۆوە. قسەکانی دایکم و ڕوخساری شەکەت وماندووی و دڵشکاوییەکەی ئاگری لە جەستەم بەردابوو. خۆم پێ ڕانەگیرا، لە قوڵپەی گریانم دا و دایکمم بەبێ ماڵاوایی کردن بەجێهێشت!
ساڵی ۷۶ کە لە زیندان ئازاد بووم، بۆ ماوەیەک چالاکییەکانم ڕاگرت هەتا دیسان لەلایەن حیزبەوە پێوەندیم پێوە کرا و سەر لە نوێ لەگەڵ هاوڕێیان خۆمان سازمان دایەوە و دەستمان بە کار و چالاکییەکانمان لە ناوچەکانی دێولان و سنە کردەوە. لە ساڵەکانی ۷۷ تا ۸۲ بە دەیان جار ماوە ماوە گیراوم، ئەشکەنجە کراوم و دوایە بەردراوم. جاری واش هەبووە بە ماشێن لە بەیانییەوە ڕفێندراوم و هەتا ئێوارێ لە دوای لێدان و بێڕێزی کردن و هەڕەشە و گوڕەشە، لە دەرەوەی شار فڕێیان داومەتە خوارێ و؛ ئەگەر بمهەوێ باسیان بکەم زۆر دەخایەنێ.
کە ژیانی هاوبەشیشم پێک هێنا هەر بە هەمان شێوە و بگرە سوورتر لە جاران درێژەم بە کار و چالاکییەکانم دا. ڕۆژی زەماوەندەکەم ۲۶ی سەرماوەز دانابوو. ئەوەش ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە دێولانی هار کردبوو و هاتن لێمانی تێکدەن و بمگرن؛ بەڵام بە حەول و تکای پیاوانی ڕیش سپی و خۆشناوی ناوچەکە پێش بەم کارە گیرا. دواتریش بەبۆنەی چالاکی و هەڵسووڕان لە بۆنەکان و بەڕێوەبردنی بەشکۆی جێژنی نەورۆز و… چەند جارێکی دیکە گیرام و ئازاد کرام و هەر جارەی نیزیک بە مانگ دەیانخستمە بەندیخانەی ئیتلاعاتەوە.
لەتبوونی حیزب یەکێک لە ناخۆشترین ڕووداوەکانی ژیانم بوو. لە دوای لەتبوونی حیزب گوشاری زیاتریان خستە سەرمان و تەنانەت چەند جار بەڕاشکاوی هەڕەشەی کوشتنم لێکرا. ئەوکات دووکانێکی وێنەگرییم هەبوو کە وەک بنکەیەکی حیزبی چاویان لێدەکرد و زۆریان حەول دا ئەو دووکانەم نەمێنێ. هەتا ڕۆژێکی چووم بۆ سەر کار و دووکانم هەڵگرت و هەر کە دەزگاکانم هەڵکرد لەپڕ دەزگاکان تەقینەوە و دووکانەکەم ئاگری گرت و سووتا. لە ئیدارەی بیمە پێیان گوتم کە ناتوانین خەسارەتی دووکانەکەت قەرەبوو بکەینەوە و ئەمە بڕیارێکە لە سەرووترەوە هاتووە. بانگ کرامە ئیتلاعات و بەرپرسی ئیتلاعاتیش دڵنیای کردم و پێی گوتم کە بۆخۆمان ئەو کارەمان کردووە و پێشمان خۆش بێ تەنانەت دەشتکوژین، بۆیە ئاگات لە خۆت و هەڵسوکەوتەکانت بن…
لە دوای کۆنگرەی ۱۴، کۆبوونەوەیەکمان بۆ ئەندامان گرتبوو. دە ڕۆژ ڕانەبردبوو کە هەڵیان کوتایە سەر ماڵمان و کتێب و هەموو کەلوپەلە شەخسییەکانمیان لە چەند تەلیس کرد و لەگەڵ خۆیان بە دەست بەستراوەیی بردیانم. لە پاش زیاتر لە سێ مانگ تەحەممولی زۆرترین و قورسترین ئەشکەنجەکان و ئازاردانی ڕووحی و جەستەیی لە زیندانی تاکەکەسیدا درامە زیندانی شاری سنە و دواتر بەڕێی بەندیخانەی قوروە کرام.
لە درێژەی ئەشکەنجە و ئازارە جەستەیی و ڕووحییەکانم، پێم وایە گێڕانەوەی ئەم بەشەش لە ڕۆژانی تاڵ و ڕەشی زیندانم بەمەبەستی نیشاندانی هەرچەندە زیاتری دڕەندەیی کاربەدەستانی ڕێژیم لە زیندانەکاندا پێویستە.
لە زیندان بە هەموو شێوەیەک چ لە باری فیزیکی و چ لە باری ڕووحییەوە ئەشکەنجە دەدرام، جارێک بە لێدان و و زۆر جاریش بە بێڕێزیکردن بە بنەماڵە و گەلێ جاریش بە سووکایەتی کردن بە بیروباوەڕم، کە بەتەواوی دەیانڕەجاندم. جارێکیان لە دیوی لێکوڵینەوە بووم کە لەپڕدا هاوارێک بەرز بۆوە و، دەنگی نێو ئەو سیاچاڵەی شکاند. دەنگی ئافرەتێک بوو؛ دەیزریکاند و لەبەریان دەپاڕاوە … خۆمم پێ ڕانەگیرا و گوتم ئەوە چییە؟ بازجوەکە گوتی: «شتێکی گرینگ نییە، دوو سێ ڕۆژێکە لێرەیە و هیچ قسەیەک ناکا»… پاشان بە پێکەنینەوە گوتی: «ئاخری بۆ کوێ دەچێ هەر دەبێ قسە بکا… ئەوە براکانمان لەو جۆرە کاتانەدا دەزانن چ بکەن و چۆن بیانهێننە قسە، خۆ لە مەبەستم تێدەگەی؟! ئەویش وەک تۆ دەیهەویست کوردستان ڕزگار بکا…» پاشان قاقایەکی تێکرد. لەو بارودۆخەدا لە باری دەروونییەوە زۆر تێک چووم، بەڵام هیچیشم پێ نەدەکرا و دەسەڵاتم نەبوو. بازجووەکەش بەباشی لە حاڵم تێگەیشتبوو و دەیزانی کە چەندە ئەو دەنگە دەنگە و ئەو قسە سووک و چرووکانە کاریگەریی ناخۆشی لەسەرم داناوە، هەر بۆیەش بەدەم پێکەنینەوە لە قسە و بێڕێزی کردنەکانی بەردەوام بوو.
شەوێک زۆرم سەرما بوو. نەخۆش بووم و هەڵدەلەرزیم و هاوارم دەکرد کە سەرمامە. هەتا بەیانییەکەی کەس نەهات بە هاوارمەوە. بەیانی هاتن پێیان گوتم خۆت کۆکەوە دەتبەین بۆ شوێنێکی گەرم، لە سلوولێکیان کردم کە دەوراندەوری دیوارەکانی گەرمای لێوە دەهاتە دەرێ، توانیم کەمتر لە ١٠ دەقە تەحەمولی بکەم، زۆر گەرم بوو خۆمم وەبەر ئاوی ئاودەست و حەمامەکە دا، بەڵام ئەوەش تەنیا بۆ ٣ هەتا ٤ دەقە کاریگەری هەبوو؛ دیسان گەرما تەنگی پێ هەڵدەچنیمەوە. دەستم کرد بە هاوارکردن و گوتم بمبەنەوە بۆ دیوەکەی خۆم هەر سەرماکە باشترە، بەڵام بۆ مەگەر کەسێ بەقسەی دەکردی. چەند جار دەموچاوم لەنێو کاسەی ئاودەستەکە دادەنا و، لەسەر کاشییەکان خۆمم درێژ دەکرد، بڕێک فێنک دەبوومەوە بەڵام ئەو کارەش هەر بۆ چەند دەقە بوو دیسان هەر وەک خۆم لێ دەهاتەوە جاروبار خەریک بوو ببوورێمەوە. پێم وابێ بە کامێرا چاودێرییان دەکردم. دەهاتن دەیانبردمە دەرێ و دیسان دەیانکردمەوە ژوورێ. هەتا ٣ ڕۆژ منیان لەو سلوولەدا ڕاگرت و کە زانییان ئیدی چیدی تەحەمولـم نەماوە؛ گواستمیانەوە بۆ شوێنە ساردەکە. وابزانم ٢ مانگم لەو سیاچاڵە تێپەڕاندبوو و زۆر وەزعم خراپ بوو، هەم لە بواری جەستەییەوە و هەمیش لە بواری دەروونییەوە، هەستم دەکرد ئیدی دوا وێستگەی ژیانمە. لەو بارودۆخەدا گوتیان تەلفوونێک بۆ ماڵەوە بکە و پێیان گوتم تەنیا پێیان بڵێ کە زیندووی و تەواو، ئیدی نابێ هیچی دی بڵێی. کە پێوەندیم بە ماڵەوە کرد خێزانم دەنگمی نەدەناسی، زۆر بێهێز ببووم، بە حاڵەحاڵ قسەم دەکرد، دوای ئەوەی کە دەنگمی ناسییەوە کەوتە قسە. قسەکانی بۆ من هەموو ورە و هێز بوون. پێی گوتم: «ڕێگایەکە و بۆخوت هەڵتبژاردووە، ڕێگاکەشت پیرۆزە. نە دزیت کردووە و نە ماڵی خەڵکیت خواردووە و نە مەوادت فرۆشتووە. ئەمن شانازی بە تۆوە دەکەم هەست بە سەربەرزی دەکەم، ئەتۆ ئاگات لە خۆت بێ، خەمی من و ئاگرینت نەبێ». وابوو لەگەڵ ئاگرینیش ٣٠ چرکەیەک قسەم کرد و گیانێکی تازەم وەبەر هاتەوە. دوای ئەو پێوەندییە تەلەفوونییە مانگێکی تریش هەر لە زیندانی تاکەکەسیدا مامەوە.
لە باری جەستەییەوە زۆر کز و لاواز ببووم. وامدەزانی خەریکە چاوم لەدەست بدەم. ٢٠ میتر پێش خۆمم نەدەبینی. کێشم بۆ ٤٠ کیلۆ دابەزیبوو. چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەکەم دابوو. ماڵەوە هاتن بۆ لام و خۆم هەستم دەکرد کە بە بینینم چەندە سەرسام دەبن. کچەکەم «ئاگرین» نەیدەناسیمەوە. چاوی لە چاوم بڕیبوو. دەستی کرد بە گریان و هاوار و گوتی ئەمن ئاوا نامەوێ لە گەڵ باوکم قسە بکەم، ئەبێ لە باوەشم بگرێ. چاوپێکەوتنەکان تەلەفوونی بوو، کاتمان بەسەرچوو و ئەمن ڕۆیشتم. لە دوای نیو سەعات، دیسانەوە بانگیان کردم و گوتیان کچەکەت دەسهەڵگیر نییە و دەڵێ باوکمم دەوێ، وەرە بۆ لای. کەلەبچەیەکیان لە دەستم دا و بەرەو حەوشەی زیندان بۆ لای کچەکەم بردیانم. لە دوورەوە بینیم چاوەڕوانمە، بە پاسەوانەکەم گوت یان ئەو کەلەبچە لە دەستم بکەوە یان نایەم. پاسەوانەکە ڕازی بوو دەستم بکاتەوە. گەیشتینە لایان و ئاگرین بە چاوی پڕ گریانەوە گوتی بۆخۆم دیتم کە دەستەکانتیان بەستبۆوە. وەیدەزانی کە لەو کاتەوە کە لە ماڵی خۆمان دەسبەسەر کرابووم و کەلەبچەیان لە دەستم دابوو، هەر بە دەستمەوە ماوە. ڕۆژێکی ناخۆش بوو کە ماڵاواییمان لە یەکتر کرد. چاوم لە یەکێک لە پاسەوانەکان کرد کە پێشتریش هەر دەمناسی و چەند جار لە زیندان لەگەڵی ئاشنا ببووم، خەریک بوو دەگریا گوتی تۆ پێشتر ژن و منداڵت نەبوو، هەر خۆت بووی بەڵام ئیدی بەزەییت بەو ژن و مناڵەتدا بێ؛ تەواوی کە. دوایە بە دزییەکەوە دەستەکانمی گوشی.
دوای مانەوەیەکی زۆر لە گرتنگەی ئیتلاعات ڕۆژی ۲۴ی ڕەشەمەی ساڵی ۱۳۸۷ی هەتاوی لە لقی ٢ ی دادگای شۆڕشی شاری سنە، «قازی تەیاری» بە تۆمەتی بانگەشە دژی نیزام و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دادگایی کردم و سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپاندم. هەروەها لە دادسەرای دێولانیش بەتاوانی تێپەڕاندنی سنوور حوکمی ٣ مانگ زیندانی و بژاردنی ١٠٠ هەزار تمەنیان بەسەردا سەپاندبووم.
پاش ماوەیەکی زۆر مانەوە لە زیندان توانیم بە دانانی بارمتەیەکی ٥٠ میلیۆن تمەنی چەند ڕۆژێک مەرەخەسی وەربگرم. کۆتاییەکانی ساڵی ۱۳۸۹ بوو کە بە بڕیاری حیزب، نێوخۆی وڵاتم بەجێ هێشت و هاتمە ڕیزی پێـشەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە.