زارا محەمەدی حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

“زارا محەممەدی”، مامۆستای زمانی کوردی لە شاری سنە لەلایەن دەزگای دادوەری حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی ١٠ ساڵ بەند کرانی بەسەردا سەپا.

زارا محەممەدی بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتی نۆژین  و یەکێک لە مامۆستاکانی زمانی کوردی دوای ٧ مانگ لە ئازاد کرانی کە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا بوو، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە و بە بەرپرسیارەتی دادوەر سەعیدی، بە تۆمەتی “دروست کردنی گرووپ بۆ تێ‌کدانی ئاسایشی گشتیی وڵات”، حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەری ٩٩ی هەتاوی ئەو حوکمە بە پارێزەری زارا بە ناوی دوکتورعەبدوڵڵاهی ڕاگەیەندراوە.

زارا محەمەدی، ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سنە دەستبەسەر کراو ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا بوو.

زارا محەممەدی، خەڵکی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی هەیە و ماوەی چەند ساڵێکە لە ئاواییەکانی

دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە بوو.

شایانی باسە، زارا محەممەدی لە کاتێکدا ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوە کە ناوبراو تەنیا خەریکی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی و بەڕێوە بردنی چالاکیی فەرهەنگی و ئەدەبی بۆ خزمەت کردن بە نیشتمانەکەی بوو.