شڵەژاویی ئێران بە هۆی چوونەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێک‌کەوتنی “بەرجام”

دوای کشانەوەی یەکلانەی دەوڵەتی دۆناڵد تڕامپ لە ڕێککەوتنی “بەرجام” و وەگەڕ خستنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی ئەو وڵاتە زیادی کردووە.
رۆژی ٢٠ی بەفرانبار هێندێک لە سەرچاوە خۆجێیەکان هەواڵی لە دەست‌لەکار کێشانەوەی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری کار و باری دەرەوەی ئێران و، چوونەدەرەوەی ئەو وڵاتە لە ڕێککەوتنی بەرجامیان بڵاوکردەوە ، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی پشت‌ڕاست نەکراوەتەوە.
لەو پێوەندییە‌دا ئەمیر عەبوڵڵاهیان یاریدەدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیس لە بەشی کاروباری نێودەوڵەتی ، رۆژی پێنج‌شەممە ٢٠ی بەفرانبار لە قسەکانی‌دا هەڕەشەی لە وڵاتانی رۆژئاوایی کرد و ئاماژەی بەوەش داوە کە بە هەر نرخێک پابەندی ڕێک‌کەوتنی بەرجام نابن.
تووڕەبوونی بەرپرساکانی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت وڵاتانی ئورووپایی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە جیا لە ناهومێد بوونی ئێران بۆ دابینکردنی کاناڵێکی ماڵی، لە تازەترین هەڵوێستدا یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆ خستن سەر کۆماری ئیسلامی و بەشێک لە وەزارەتی ئیتلاعاتی بەهۆی هەوڵە تیرۆریستییەکانی ئەو وڵاتە پەسند کردوە.
لە بەرانبەر بە قسەکانی عەبدوڵڵاهیان، حەمید ڕەسایی نوێنەری پێشووی باڵی بناژۆ خواز گوتی: “باشترین وڵام بۆ ئورووپا قەبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی جەواد زەریف”ە
بە گوتەی ڕەسایی ئورووپا و ئامریکا پێیان خۆشە جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بێ ، چونکە جەواد زەریف مل بە داواکارییەکانی ئەوان ئەدات و، لە دۆخی هەنووکیی ئێراندا تاوانبارە .
دەنگۆی دەست‌لەکار کێشانەوەی محەممەد جەواد زەریف بۆتە هۆی هەڵوێستی دژبەیەکی دەمڕاستەکانی ڕێژیم.
محەممەد واعیزی بەرپرسی دەفتەر و سەرۆکی ناوەندی سەرۆ‌کۆماریی ، هەواڵی دەست لەکارکێشانەوەی جەواد زەریف و کشانەوەی ئێرانی لە”بەرجام”ی ڕەت کردەوە.
واعیزی هۆشداری داوە بە میدیاکان کە هەواڵی هاوشێوە بڵاونەکەنەو، چونکە لە بەرژوەندی رێژم‌دا نیە.
پێشتر میدیاکانی ئێران باسیان لە چوونە دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کرد بوو لە ڕێک‌کەوتنی “بەرجام”
دوای بڵاوی بوونەوەی هەواڵی کشانەوەی ئێران لە “بەرجام” جموجۆڵە نیزامییەکانی ئامریکا لە ئاوەکانی کەنداو زیادی کردوە.
رۆژی ڕابردوو ٢١ی بەفرانبار ڕۆژنامەی “قانوون” لە زاری فاکس‌نیوز بڵاوی کردەوە کە دوای بڵاوبونەوەی ئەگەری کشانەوەی ئێران لە “بەرجام” ، هێزە ئامریکاییەکان لە ئاوەکانی کەنداو، بۆ ماوەیەکی نادیار کەوتوونەتە “حاڵەتی نائاسایی و ، لە ئامادە باشی‌ دان”