دیرۆکی خۆڕاگری (زیندان وەک سەنگەری بەرگری)

عومەر شاداب

ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە گوندی بابخاڵاواێی شنۆ لە دایک بووم. ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی گیرام. سزای زیندانی تاهەتاییم بەسەردا سەپا و ماوەی ۶ ساڵ لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا بەند کرام. ئەوەی دەینووسمەوە بە کورتی باسێکە لەو بەسەرهاتە.
ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی بوو. هەموو ئەندامانی کۆمیتەی ئێمە لە ناوچەی شنۆ بووین. ئەو ڕۆژە چوارشەممە و ٥ی خەزەڵوەر بوو. شەهید برایم باشوو کە بۆ کاری شەخسیی خۆی هاتبۆوە ناوچە، داوای لێکردم کە لەگەڵی بچم بۆ سەردانی برادەرێکی لە کوێستانەکانی سامڕەندان و ئیشکەشیو. بۆ شەوەکەی چووینە گوندی قەڵاتیانێ و بەیانییەکەی وەڕێ کەوتین. گەیشتینە زار دۆڵی ئیشکەشیوێ. هێشتا هەتاو هەڵ نەهاتبوو لە بڵیندایی گردی بەرازان تەقەمان لێ کرا. ئەو هێزەی لێمان ڕاسابوو، هێزێکی کوردیی باشووری کوردستان بوو. ئێمەش کەوتینە خۆ کە سەنگەر بگرین، بەڵام لە لایەکیتریش دەستڕێژمان کرایە سەر، ناچار بووین بکەوینە دیفاع و خۆپاراستن، کە کەوتینە دەشتاییەکی کەم کە خۆ بگەیەنینە شوێنێک بە ناوی دۆڵ هەنگوین کە تاکە ڕێگا بوو بتوانین لێی لە گەمارۆ دەرچین. گەیشتینێ، بەڵام شەهید برایم باشوویان پێکا. من نەمهەویست برایم بە برینداری بە جێ بێڵم و لە نیزیکی ئەو سەنگەرم گرت. دوای ماوەیەک تەقە و شەڕ شەهید برایم هەرای کرد: «عومەر پێیان بڵێ بە شەرتێک تەحویلی پاسدارانمان نەدەنەوە تەسلیمیان دەبین.» پێشمەرگەکانی ئەو هێزە کوردییەش قەولیان دا و هاتن بردیانین بۆ لای بەرپرسەکانیان. بەڵام بەداخەوە بەڵێنەکەیان نەبردە سەر و هەر ئەو ڕۆژە برایمیان ڕادەستی سپای پاسداران کرد و ئەمنیشیان دوای دوو ڕۆژ هەر بەو دەردە برد. بەمجۆرە ڕادەستی ئیتلاعاتی ورمێ کرام. چاوم بەسترابوو، گوێم لێبوو بە یەکێکیان گوت :یک لقمەی چاق و چلە براتون آوردەام.» چاویان کردمەوە. گوتی من قاسمیم پێ دەڵێن و بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتی شنۆیەم. دێن پرسیارت لێ دەکەن، دڵنیابە هەموو شتێک دەزانین دەمانهەوێ بزانین تۆ دەڵێی چی.
بردیانمە سلولی تاکەکەسیی ژمارە ١٠. ژوورێکی دوو بە یەک بوو. دوو سێ پەتووی ڕەشی سەربازیی لێ داندرابوو، هەتا بڵێی پڕ لە ئەسپێ. هەر لە دوانیوەڕۆی ئەم ڕۆژەوە بازجوویی دەستی پێکرد. کاغەزیان خستە بەردەمم و گوتیان هەرچی دەیزانی بینووسە. بازجووەکەم شەوێ هاتەوە و دیتی ٧ خەتم نووسیوە. تووڕە بوو: «اینا واسە عمەت خوبە.»
ئیدی وابوو کە ئەشکەنجە دەستی پێکرد. بۆ دوو شەو و ڕۆژان لێیان نەدام، بەڵام هەر نیو سەعات دەخەوتم و دوو سەعات دەیانبردم بۆ پرسیارلێکردن.
شەوێک لێم گەڕان بخەوم . بەیانی لای قاوڵتوون بردیانمە ژوورێکی و لە سەر سەندەڵییەک دایاننام. دەنگی قاسمی دەنگی هات: «حاجی آغا اینە فقط و فقط نمیدونم بلدە.» کابراش گوتی: «مشکلی نیست الان بە حرفش میاریم.» دەستووری دا چاویان کردمەوە. دیتم مەلایەکی زەبەلاح دانیشتبوو و گوتی من حاکمی شەرعم و ناوم «ئیمامی»یە.
گوتی: بۆ زانیارییەکانت نادەی! ئێمە بۆ ئیسلام خەبات دەکەین و دوژمنانی خوا هەموویان لە نێو دەبەین. منیش گوتم ئەوەی زانیومە پێم گوتوون. قورئانێک لە بەردەمی داندرابوو، گوتی ئەگەر هەرچی بکەن ئەو کوردستانە دەکەین بە باڕووت و دەیتەقێنینەوە. منیش قورئانەکەم هەڵ گرت و گوتم بەو قورئانەی ئەوەی ئەوان لێم دەپرسن نایانزانم. قورئانەکە کەوتە خوارێ و لێک بڵاو بوو…
ئیدی بڕیاری دا لە تەختم ببەستن گوتی ٣٩ قامچیی لێ بدەن ئەگەر لە نیوەشدا گوتی دەیڵێم بیکەنەوە. بەستیانم و ٣٩ کابڵیان لە بەری پێم دا، زۆر بە ئازار بوو، هیچم نەگوت. دەستووری دا بمکەنەوە. کردیانمەوە و بە کورتی بەو دەستوور و فەرمانەی لە ماوەی حەوتوویەکدا ١٥_١٦ جار ئەو ٣٩ قامچییەم پێ دەبڕا…
هەر پێش ئەوەی بگیرێم قژم زۆر بوو. شەوێکیان لە نیوەشەوێدا سەریان لوول دام و نازانم سیم بوو چ بوو بەوەیانەوە بەستم و هەڵیان واسیم. تا بەیانی تەنیا پەنجەم لەسەر زەوی بوو. لای بەیانی بوو کردیانمەوە و لەبەر بێهێزییان کەوتمە خوارێ و هەتا دەور و بەری نیوەڕۆ هەر لەوێ کەوتبووم. لای نیوەڕۆ خواردنیان لە بەر دەم دانا، بەڵام نەمدەتوانی بیخۆم. ئیدی بڕستم لێ بڕابوو. بڕیارم دا خۆم بکوژم و کۆتایی پێبێ. بۆ ئەو مەبەستە لامپی بەرقی کە شۆڕ ببۆوە هێنامە خوارێ و لە لامپەکەیم پچڕی و لە خۆم بەست. بەداخەوە نەیکوشتم و فیوز فڕێی دابوو…
شەوێکی دیکەیان بردیانمە ژووری بازجوویی و گوتیان زانیارییەکانت نەدەی ئیعدامت دەکەین. دوای پرسیارگەلێکی زۆر، بردیانم بۆ دەرەوە وەل بڵێی دەمبەن ئیعدامم دەکەن. بۆ ترساندنم تەقەیان لێ کردم. بە دەنگەکەی زانیم فیشەکی مەشقین. ئەوانیش گوتیان هێشتا ئەجەلت نەهاتووە…!
کاک «سۆفی ئەحمەد»یان لە بەندی گشتی هێنابۆوە ئیتلاعات و پێیان گوتبوو عومەر قسەی لە سەر تۆ کردووە و بە منیشیان دەگوت سۆفی قسەی لە سەر تۆ کردووە. لە دیوێک ئەویان شکەنجە دەکرد و لە دیوێکیتر من، ئەگەر سۆفییان هێنایە ئەشکەنجەگاکەی من لاقی خوێنیان لێ دەهات و ڕیشیان هێندە کێشابوو دەمو چاویان بریندار کردبوو. پاشان دەرکەوت درۆیان لەگەڵ هەر دووکمان کردبوو.
رۆژێکی بەهاری ١٣٦٢ منیان بردە لای کابرایەک. خۆی پێ ناساندم. شەهید کەماڵ دەباغی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بوو. دەگەڵ ئەو بردیانین بۆ تاران بۆ زیندانی ئیوین. ٢٦ ڕۆژ لە کۆریدووری بینایەکدا مابووینەوە بە چاوبەستراوی و بە بێ پەتوو.
لە سلوولی رەدیفی ١٠ی بەندی ٢٠٩ تان هاویشتین. بە منەوە بووین بە پێنج کەس. شەهید کەماڵ دەباغی، دوکتۆر محەممەد مەلەکی، کەسێک کە بە ئینتزاریون ناویان دەبرد و یەکێک لە جێگر یان ڕاوێژکارەکانی بەنی سەدر بوو لەگەڵ کوڕێکی ئەندامی حیزبی موجاهیدن.
داوایان لە من دەکرد تەشکیلاتی حیزبیان لە تاران پێ بڵێم. ئەمنیش دەمگوت کەس ناناسم و هەر بەڕاستیش کەسم نەدەناسی. بەڵام هەر لەسەر ئەوە ئەشکەنجەیەکی زۆریان کردم. دیمەنی خەڵکی ئەشکەنجەکراوی دیکەیان پیشان دەدام بۆ ئەوەی ورە بەردەم. دەنگی قیژە و هاواری زیندانییەکان کە ئەشکەنجە دەکران گوێی کەڕ دەکرد.
شەوێک بردیانم بۆ ژێر زەمین و دەستیان لە پشتەوە (قەپانچەلە) بەستم و بۆ سەعات و نیوێک هەڵیان واسیم، ئەوەندە بە ژان بوو کە دوایە و بۆ زیاتر لە ٥ مانگتش باسکم هەر سڕ بوو و کاری نەدەکرد.
شەهید کەماڵ دەباغی بەهۆی ئەشکەنجە و لێدان قامکی چووکەی لاقی شکابوو و زیندانبانەکانیش گوێیان نەدەدایە. وابوو قامکی ڕزی و رۆژێک دەری هێنا و لە ئاشغاڵدانی هاویشت. ئەوکات کاک کەمال ١٦ مانگ بوو دەرێ و ئەمنیش ٨ مانگ بوو هەتاومان نەدیتبوو. شەهید کەماڵ ددانەکانی بە پووکەوە دەڵەقین و جار و بار خوێنیشی لێ دەهات.
دوای ماوەیەک لە زیندانی ئێڤینهوه بردیانین بۆ زیندانێک لە پادگانی ولیعەسر کە کەس پێی نەدەزانی و شاربوویانەوە. ئەو زیندانە هەمووی تاکەکەسی و زۆر ترسناک و ناخۆش بوو. ئەو ڕۆژەی بردیانین خەڵکێکی زۆری لێ بوو و لە بەیانییەوە هەتا ئێوارێ چاویان بەستین و لە ساڵۆنێکدا ڕایان گرتین بەبێ ئەوەی خواردنمان بدەنێ، ئەمن و شەهید کەماڵ یەکترمان بەر نەدەدا. کاک کەماڵ دەگەڵ ئەوەی تەنیشت خۆی بەسرتە قسەی دەکرد و پاشان سەری هێنا بن گوێی من و گوتی ئەوە سکرتێری نێوخۆی ڕێکخراوی تووفانە…
بەرەبەری ڕۆژاوا بوون سواری چەند ئوتوبووسیان کردین. چەند پاسداری چەکداریان لەسەر سەری ڕاگرتبووین و سەریان پێ داناینە سەر سەندەڵی هەتا گەیشتینێ. دایان بەزاندین و دوو دوو و سێ سێ لە سللولێکیان ئاخنین. ئەمن و شەهید کەماڵ کەوتینە سللولێک، کوڕێکی تازەلاوی تەقریبەن تەمەن ١٨ ساڵانەی موجاهدینمان لەگەڵ بوو. پێشتر پێیان گوتین نابێ بڵێن تاوانتان چییە. کە سڵاو و چاک و چۆنیمان کرد کوڕەکە لێێ پرسین: لەسەرچی گیراون؟ ئەمنیش چاوم لە کاک کەماڵ بوو کە قسە بکا. هیچم نەگوت کاک کەماڵیش ڕاستییەکەی نەدرکاند، بەڵام کە خەوی لێ کەوت پێمگوت و داوام لێکرد کە باسی نەکا چونکی پاسدارەکان هەڕەشەیان لێ کردووین.
ژوورەکە نیزیک دوو لە یەک بوو. لوولەیەکی ئاوی گەرمیشی پێدا دەهات. کاتیش مانگی کۆتایی بەهار و سەرەتای هاوین بوو و زۆر گەرم بوو. هیچ پەنجەرەشی تێدا نەبوو و زۆر جار وەختابوو پشوومان ڕاوەستێ. بە نۆبە دەممان بەبن دەرگاوە دەنا هەناسەیەک نوێ بکەینەوە.
ڕۆژێک هەینی بوو. شەهید کەماڵیان بانگ کردە کۆریدۆری شوێنەکە و ناردیانەوە ژوورێ. چەند وەرەقەیان دابوویە. نامەیەکی چەند لاپەڕەیی بوو بە ئیمزا و ناوی مام جەلال تاڵەبابی کە بۆ یەکێک لە هاوڕێیانی نووسیبوو. داوایان کردبوو بۆیان بکاتە فارسی. خوێندمانەوە و پاشان کە بۆی هاتن وێی دانەوە بەبێ ئەوەی تەرجەمەی بکاتەوە. گوتی ئەوە زاراوەی عێڕاقییە و من نایزانم. بیانوویان پێگرتین و بۆ بەیانی کە شەممە بوو بردیانینە دەرێ بە بیانووی هەواخۆری. ئەوکات چەندین مانگ بوو تاوم وێ نەکەوتبوو، کاک کەماڵیان لە من جیا کردەوە و بردیان. ئەمنیشیان لەسەر بەردێکی چووکە دانیشاند. کە سەرم هەڵ دەهێنا دەمتوانی لەژێر چاوبەندەکەوە شتێک ببینم. دەمدی وەک دەعبایان تێی وەرهاتبوون لێیاندەدا، هاتن بۆ لای من و گوتیان هەوا خۆریت دەوێ؟! تێم وەرهاتن و منیش لەوە بێ نەسیب نەبووم…
کە بردیانینەوە بۆ سللول کوڕە موجاهیدەکە لەوێ نەمابوو. دیکۆڕمان تەواو تێک چووبوو. بۆ خۆمان چاومان لە یەکتری دەکرد و بە یەکتری پێدەکەنین. کە کوڕە موجاهیدەکەیان هێنایەوە ئەویش هیچ سەر و چاوی نەمابوو، پرسی و گوتی لە کوێ بوون؟ گوتمان لە هەواخۆری بووین. گوتی: «آرە جون شما. از اون هوایی کە شما خوردید منم خوردم.»
ئەوە بەشێکی زۆر کورت بوو لە جۆری ئەشکەنجە و مەبەستەکانیان.
لە نێو بەندەکان:
دوای ساڵێک لە سللولی تاکە کەسی هێنایانمە بەندی بازداشتگا لە زیندانی «دەریا»ی ورمێ و دوای دوو مانگ بردیانمە بەندی ٧ و ٨ کە بەندی گشتی بوون. هێندە لەوێ نەمامەوە کە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتییان لە بەندەکان پێك هێنا و زیندانییە سیاسییەکانیان خستە ٤ بەندی تایبەت و لە سیستمی پێشووی زیندانییان جیا کردینەوە. بەندەکانی ١٢، ١٣، ١٤، و ١٥ بوونە بەندی سیاسی و جەوێکی بە تەواوی پۆلیسی بەسەر زینداندا زاڵ کرا. هەموو شەوان دوای کاتی خەو خەڵکانێکیان دەبرد بۆ ژوورێک و بە ئارەزووی خۆیان لێیان دەدان. شەوێک منیان برد. مەلایەکی لێ بوو. گوتی «جواهیری»م و حاکمی شەرعی نوێ بوو. ئەو لەبارەی کوردستان و مەزهەبی سوننی هێندێک پرسیاری لێ کردم و قسەی بۆ کردم و ڕۆیشت، بەڵام پاسدارەکان دوای وی هێندەیان لێدام چڕ و چاوی خۆم نەدەناسییەوە. ڕێگری لە دیدار و چاپێکەوتن لەگەڵ کەسوکار، بایکۆتکردنی زیندانییەکان لەنێو یەکتردا و بڕەودان بە سیخوڕی لەسەر یەکتری کردن لە ڕێگەی هەڕەشە و هاندان جۆرێکی دیکە لە ئەشکەنجەدانی بەندیی سیاسی بوو. بەرپرسانی بەندیخانە کەشێکی تەواو بێ متمانەییان لە نێو بەندییەکاندا درووست کردبوو.
ئەو کاتەی من لە زیندان بووم سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و عێڕاق بوو. بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵان برینجێکیان دەداینێ دیار بوو زۆر لەمێژ بوو لە ئەنبارەکاندا مابۆوە و بەتەواوی بۆن برش و کەڕووی لێ دەهات. دەبا دەممان گرتبا و خواردبامان، دیارە حەوتووانە جارێک گۆشتیان دەداینێ و ئەویش زۆرکەم و، زیاتریش چەرمەچەقاڵتە بوو. ڕۆژانە هەر زیندانییەی لەتکێک سەموونی پێ دەدرا. جار و بار مەلایەک دەهات و پرسیاری لە وەزعی زیندان دەکرد. کە دەمانگوت خواردنمان کەمە و تێر ناخۆین، دەیگوت لە شەڕ داین و باشە ئەوەندە خواردنەشتان دەدەنێ. جارێکی بۆ دوو ڕۆژان هیچیان نەداینێ. چووینە سەر سەتڵی ئاشغاڵ کە بەرمیلێکی سەر ئاواڵەکراو بوو. دووکەس داندران بۆ ئەوەی هەر کۆپەیەی دوو سەتڵ ئاشغاڵی بداتێ بۆ خۆیان خواردنی لێ ببژێرن…
وەک باسم کرد بەندییە سیاسییەکان لە چوار بەند بوون. بەندی ١٥ چوارسەد و سی و دوو کەسی تێدا بوو. حیسابمان کردبوو هەر زیندانییەک سێ موزائیک و نیوی وەبەر دەکەوت. تەختی خەوەکان سێ تەبەقە بوون و عەرزەکەش هەموو خەڵکی لێ دەنووست.
قسەیەکی خۆش: پێش ئەوەی بدرێینە بەندی ١٥ لە بەندی ٧ و ٨ بەیانی وەستا مینە (خەڵکی مهابادێ بوو، لە زیندان ناسرابوو بە خەلەبان) هەڵدەستێ، دەسنوێژ دەگرێ، بەرماڵی لەسەر شانی دادەنێ و بۆ شوێنێک دەگەڕێ نوێژێ بکا؛ بەڵام هیچ شوێنێک نابێ، چونکە هەموو شوێنێک تەنانەت راهڕەوەکانیش خەڵکیان لێ نووستبوون. ڕادەوەستێ و ڕووی لە خوا دەکا و دەڵێ: خوایە ئەوە بۆ خۆت دەزانی، هەستاوم دەسنوێژم شوشتووە، بەڕماڵیشم پێیە، کەچی هیچ شوێنێک نییە نوێژی لێ بکەم، دەزانم ئەو مەلائیکانەی سەر شانم ڕاپۆرتت پێ دەدەن، خۆ ئەوانیش کوێر نین ئەوە وەزعەکەی بە چاوی خۆیان دەبینن.
جا بڵێ بۆ پێیان دەگوت خەلەبان!؟ پێیان گوتبوو تۆ تەیارەت ڕفاندووە و پێمان بڵێ چۆنت برد؟ زۆریان ئەشکەنجە کردبوو بە ناچاری گوتبووی بردوومە. گوتبوویان ئاها جا پێمان بڵێ چۆنت برد؟ گوتبووی لە تەورێزێ سوار بووم و لە ئاسمانێ دیتم سووتەمەنی کەمە، لە پۆمپی بێنزینی مهابادێ دابەزیم و گازۆڵم تێکرد و ڕۆیشتم. لێی تووڕە ببوون گوتبوویان جا چۆن تەیارە گازۆڵی تێ دەکرێت؟! گوتبووی ئەگەر من بردبێتم ئاوام کردووە. پاشان حوکمیان دابوویە و هەر بەم هۆیەوە زیندانییەکانیش پێیان دەگوت خەلەبان.
لە دوابەشی گێڕانەوەی بەسەرهاتی گیرانمدا جارێکی دیکە بۆ باس لەسەر بابەتێک دەگەڕێمەوە زیندانە شاراوەکەی پادگانی «ولی عصر»ی تاران.
شەهید کەماڵ دەباغی و من و کوڕە موجاهیدەکە بووین، ژوورەکەمان هێندە گەرم بوو تەنیا شۆرتمان دەبەر دەکرد، سللولەکەمان دەوروبەری ٢ لە ١ بوو. ڕۆژێک دەربیچەی دەرگاکەمان کرایەوە.
دیتمان سەرۆککۆماری ئەوکات عەلی خامنەیی و مووسەوی تهبریزی، داواکاری گشتی و چەند دەرەجەدارێکی بەرزی پۆلیسیان دەگەڵ بوو، وەژوور کەوتن. سڵاوی کرد و ڕووی کردە بەرپرسی زیندان و گوتی ئەوانە تاوانیان چییە؟ گوتی: ئەو کوڕە مونافقە و ئەو دوویەی دیکەش سەر بە حیزبی دێموکراتن.
خامنەیی ڕووی کردە کوڕەکە و لێی پرسی: ڕۆڵە بۆ بوویەتە مونافق؟
کوڕەکە لە وڵامدا دەنگی هەڵبڕی: «بەنام خدا و بە نام خلق قهرمان ایران، من مجاهدم تو منافقی». خامنەیی ڕووی کردە کاک کەماڵ دەباغی و گوتی ئێوە بۆ بوونەتە دێموکرات؟
شەهید کەماڵ ئهوای وڵام دایەوە : «لەوەی مەپرسە بۆ بووینەتە دێموکرات، بەڵام جەنابت کە ئیددیعات هەیە زەمانی شای زیندانی بووی، ویژدانەن سللولی ئینفرادیی سەردەمی شا ئەوا بوو؟ ئەم ژوورەی ئێمە هێندە گەرمە تۆ ناتوانی سەعاتێک لەم ژوورە بمێنیتەوە. دیوێکی چووک و کپ و بێ پەنجەرەیە. ئەگەر ئیسلام ئەوەیە، بۆ من جێگای شانازیە کە کافر بم.»
خامنەیی دوای ئەو قسانە نێوچاوانی تێکنا و ڕووی له داواکاری گشتی و بەرپرسی زیندان کرد و پێی گوتن: «رسیدگی کنید».
ئەو «ڕەسیدەگییە» ئاکامەکەی ئەوە بوو سللوولەکەیان گۆڕین، سللوولە نوێیەکەش هەر بە قەد ئەوەی پێشێ بوو، لوولە ئاوەگەرمەکەشی هەر هەبوو، بەڵام پەنجەرەی هەبوو و هەوای ئازادتری تێ دەگەڕا…
با بێمەوە زیندانی دەریای ورمێ و باسی تەشکیلاتی ڕێکخراوەکان.
ڕێکخراوەکان بە تایبەتی حیزبی دێموکرات، کۆمەڵە و موجاهیدین تەشکیلاتی باشیان بۆ خۆیان درووست کردبوو، ڕێژیم چەند کەسی فارسی بە ناوی موجاهیدین و کۆمۆنیست خزاندبووە نێو زیندانێ بۆ ئەوەی نفووز بکەنە نێو ڕیزی تەشکیلاتەکان. تا ئەندازەیەکیش سەرکەوتن و تەشکیلاتی موجاهیدینیان هەڵتەکاند. بەرپرسەکەی موجاهیدین کوڕێک بوو بە ناوی «جەمشید نیک ئهخلاق» کە پێم وابێ خەڵکی سەڵماس بوو. ئەمن نەمدیتبوو، بەڵام بەداخەوە ئێعدام کرا و بەڕێوەبەرانی تەشکیلاتی کۆمەڵەش گیران کە من کەسێکیانم دەناسی. (واتە جیران سللولم بوو. ڕەنگیم نەدیتبوو و، ئەگەر پاسدارەکان دیار نەبان دیوار بە دیوار قسەمان دەکرد). ناوی جەعفەر عیسمەتی و خەڵکی مهاباد بوو کە بەداخەوە ئێعدامیان کرد.
تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتیش لە بەندیخانەی ورمێ بەڕێوەبەرەکانی ئەحمەد سادقپوور (سۆفی ئەحمەد) و من بووین کە نەکەوتینە ئەم داوەی ڕێژیم. دیارە نرخیشمان دا بۆ ئەم پاراستنە. هێندێک کەسی ئێمە کە پووڵیان کۆ کردبۆوە بۆ یارمەتیدان بە کەسانی بێ ملاقات و بۆ کڕینی باتری بۆ هەر دووک ڕادیۆکانمان، گیران و بردیان بۆ ئەشکەنجەخانەی ئیتلاعات. هەموویان باش خۆڕاگرییان کرد و سڵامەتیش دەرچوون.
چۆنیەتیی ئازادبوونم
کەمێک دەگەڕێمەوە دوایە بۆ تێگەیاندنی باشتری بابەتەکە. زۆربەی هەرە زۆری زیندانییەکان لە دادگای ورمێ بە سەرۆکایەتیی «حجةالاسلام ئیمانی» کە (دەیانگوت لە فیرقەی حوججەتییەیە). ماوەی کاتی دادگایی کردنەکان نەدەگەیشتنە ١٠ خولەک. ڕۆژێک خەبەرمان زانی هەیئەتێکی شووڕای عالی قەزایی دێ، بە سەرۆکایەتیی ئایەتوڵڵا موقتەدایی. ئێمەش بە هەلمان زانی و کاری باشمان بۆ کرد و نیزیک ٨٠٠ کەس شکایەتیان نووسی و دایان بە هەیئەت و چی وای پێ نەچوو ئاغای ئیمانییان گۆڕی و کەسێکیان هێنا بە ناوی حوجەتولئیسلام جەواهیری.
ئەو فەرقی زۆر بوو دەگەڵ ئیمانی، دەستی کرد بە دادگاییکردنەوە زۆر کەس و پەروەندەکانی وەگەڕ خستنەوە. یەک لەوان من بووم کە شکایەتم کردبوو. ئیمانی ٣ جار دادگایی کردبووم و بە هەر سێ جاران ١١ خولەکی نەگرتبوو. دادگاییکردنەوەم لە لای جەواهێری ٢ سەعاتی کێشا. لە کۆتایی دادگاییدا دوو پرسیاری لێ کردم یەکێکیان قەزایی بوو ئەوی دیکەش مەزهەبی. گوتی تۆ لە بەشی قەزایی حیزب بووی. ئەگەر مێگەلێک بکەوێتە زەویی گەنم چۆنت قەزاوەت کردووە؟ منیش گوتم سێ شارەزای جووتیار دێنین و ئەوان تەشیخیس دەدەن چەندی زەرەر بووە. گوتی درووستە. ئەدی پێت وایە ئیمامی زەمان هەیە؟ گوتم هەرچی دەکەم ناتوانم قەناعەتم بێت. گوتی ئەگەر وابێ بڕۆ لە زیندانێ کتێب وەرگرە و لەم بابەتەوە بخوێنەوە. ماوەیەک پێ چوو نامەیەک لە دادگا ڕا هات و پێیان ڕاگەیاندم کە پێویستە ٤ ساڵیتر لە زیندان بی. (ئەوکات ٢٧ مانگ بوو لە زیندان بووم.)
ڕۆژێکی هەینیی بەهاری ١٣٦٦بوو. لە حەوشەی زیندان دەگەڵ کاک سۆفی ئەحمەد سادقپوور دانیشتبووین. پرسیارم بۆ دەردێنا. سەر و بەندی ئیمتیحانی پۆلی ٩ی بوو. بڵیندگۆ هەرای کرد: «عومەر شاداب شتومەکەت کۆکەوە و وەرە ژووری فەرمان». گوتم کاک سۆفی من ئەوە دەڕۆم لەوانەیە بمبەنەوە بۆ ئیتلاعات بۆ ئەشکەنجە و شتی وا. بە شێوەیەک هاوڕێیان تێبگەیەنە کە ئارخەیان بن هیچ شتێک نادرکێنم و ئەگەر هاتن و گوتیان عومەر ئەوانەی گوتوون بە هیچ شێوەیەک باوەڕ مەکەن. چوومە دەرێ، پاسدارێک گوتی: «مزگێنیم دەیە ئازاد بووی». گوتیان ئێرە ئیمزا بکە دەڕۆی. هەتا ئێوارێ لە قەرەنتینەیان کردم و پاشان بردیانمە دەرگای دەرێ و مۆرێکیان لە باسکم دا و دەرکەوتم. بە شەقاماندا دەڕۆیشتم و پێم وابوو خەونە. ئەوە ماڵێشمان نەیانزانیوە. لە ترمیناڵ کاک محەممەدی حاجی مەلا یۆنس بەرەو پیلم هات شتەکانی لێ وەرگرتم و کرێکەشی بۆ دام. گەیشتینەوە شنۆیە مام حەمەدەمین گوتی نایەڵم بڕۆیەوە و میوانی من دەبی لە ماڵی زاواکەم (حاجی قادر پشتیوان). گوتم زۆر باشە. باوکی شەهیدێک دیتمی هەرچەند قەولی دا بە ماڵێمان نەڵێ بەڵام شەوێ هەر گەیشتبۆوە درکاندبووی. باوکم گوتبووی پێرێ ملاقاتم کردووە و باسی نەکردووە! بۆ بەیانی بە دوامدا هاتن و چووینەوە ماڵێ. خەڵکێکی یەکجار زۆر لە دۆست و ناسیاوان ماوەی زیاتر لە دوو حەوتوان هاتنە سەردان.
کاک ئەحمەد سادقپوور لە ملاقاتێ بە باوکمی گوتبوو بە عومەر بڵێ بە هیچ شێوەیەک نەیەتەوە ورمێ، چون بەرپرسی زیندانێ لە سەفەرێ گەڕاوەتەوە و لە ئازادکرانی ناڕازییە و ئیعترازی داوەتە دادگا. وابوو کە چەند مانگ دوای من کاک سۆفی ئەحمەدیش ئازاد بوو. لە سەر داوای د. شەڕەفکەندی لە نێوخۆ دەستمان بە کاری تەشکیلاتیی حیزب کردەوە. هەردووکمان دەگەڵ هاوڕێیەکی تر دانیشتین و کۆمیتەیەکی حیزبیمان دامەزراند و دەستمان بە تێکۆشان کردەوە و زۆر زووش جوابی دایەوە تا دواتر ناچار بووین ساڵی ۱۳۷۳ی هەتاوی بێینەوە ڕیزی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبەکەمان. هیوادارم لە دواڕۆژدا بە تەواوی ئەم داستانە پڕ ئازار و پڕ سەربەرزییە بە دوور و درێژی بنووسمەوە.