زێنەب جەلالیان بۆ بەندیخانەی ژنان لە کرمان ڕاگوێزراوە

زێنەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری ماکۆ، ڕێکەوتی ٥ـی پووشپەڕ، لە زیندانی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ زیندانی کرمان ڕاگوێزرا و هەنووکە لە دابڕگەی بەندی ژنانی ئەو زیندانە، ڕاگیراوە.
“دەنیز جەلالیان”، خوشکی ئەو بەندکراوە سیاسییە لە دوایین لێ‌دوانیدا باسی لەوە کردوە: “ئێمە پاش ماوەیەک کە هیچ زانیارییەکمان لە بارەیەوە نەبوو بیستمان کە براوە بۆ بەندیخانەی کرمان، بەڵام خۆی هیچ پێوەندییەکی بە بنەماڵەوە نەبووە لەو ماوەیەدا”.
بەگوێرەی قسەکانی دەنیز جەلالیان، زێنەب دوایین جار لە بەندیخانەی قەرچەکەوە پێوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە کردوە و باسی لە مان‌گرتنی خۆی لە خواردن کردوە.
بە گوتەی خوشکەکەی، زێنەب لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا کێشەی هەناسە هەڵکێشانی هەبووە و بە سەختی دەنگی دەر هاتووە، هەروەها پزشکەکان چەندین پەڵەی ڕەشیان لە سەر جەرگی بینیوە و بەو حاڵەشەوە ڕێگەی چارەسەری پزشکی لە دەرەوەی بەندیخانەی پێ‌ نەدراوە.
ئەوە لە کاتێک‌دایە کە زێنەب جەلالیان پێش گواستنەوەی لە بەندیخانەی خۆی‌ـەوە بۆ قەرچەک تووشی نەخۆشیی چاو و کەم بینایی بوو و بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە و ناوەندە ئەمنییەکان ڕێگەی چارەسەری پزشکییان پێ‌ نەدەدا.
هەواڵدەریی “هێرانا” لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە: “بارودۆخی زێنەب جەلالیان بە شێوەیەکە کە سەرەڕای تێ‌پەڕینی مانگێگ لە ڕاگواستنی ناوبراو بۆ زیندانی کرمان، لە ژوورێکی چووکەدا، لە دابڕگەی ئەو زیندانە بە تەنیا ڕاگیراوە و لە پێوەندی گرتن لەگەڵ زیندانییانی دیکە بێ‌بەری کراوە.”
زێنەب جەلالیان ڕێکەوتی ٨ـی بانەمەڕی ئەمساڵ بە هۆکاری نادیار لە زیندانی خۆی ڕەوانەی زیندانی کرماشان و دواتر لە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگوێزرا بوو.
ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٠ـی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ـی هەتاوی، لە کرماشان لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا. پاشان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ـی هەتاوی، بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان، بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.