ترسی ڕووخانی ڕێژیم لە لێدوانی کاربەدەستانی تاراندا

سامڕەند عەتری

ماوەیەکە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران لە لێدوان و باسکردنەکانیاندا قسە لە مانەوە و نەمانەوە، ڕووخان، یان ڕۆیشتن و نەڕۆیشتنی کۆماری ئیسلامی دەکەن. هەرچەند بەشێکیان ڕووخانی ڕێژیم بە خەونی دوژمنان لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن دەمێننەوە، بەڵام پرسیار ئەمەیە ئەگەر لە ڕووخانی ڕێژیمەکەیان نەترساون، چی وایان لێ دەکا، کە ئەو قسانە بکەن؟

ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی بەربڵاوی خەڵکی زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێران لە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦دا، کە بە توندی لە لایەن ڕێژیمەوە سەرکوت کرا و وێڕای دەستگیرکردنی هەزاران کەس، نیزیکەی ٣٠ کەسیشیان کوشت، حسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کەیهان، لە وتارێکدا بە ناوی ”ئەگەر بڕیار بوو بڕۆین بۆ نەڕۆیشتین”، کۆمەڵێک حەدیس و قسەی مێژووییی سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلام دێنێتەوە و پەیدابوونی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ فتووحاتی ئیسلام و پەرەسەندنی جوگرافیای ئیسلام بەراورد دەکا و دەگاتە ئەم ئاکامگیرییە، کە ڕێژیمی ئیسلامیی تاران ناڕووخێ!

شەریعەتمەداری ئاماژە بە داگیرکردنی ئێران و ڕۆم لە لایەن سپای عەرەبە موسڵمانەکانەوە دەکا و دەڵێ، پێغەمبەری ئیسلام بە سپایەکی بچووک و لە بارودۆخێکی دژواردا، بەبێ چەکوچۆڵێکی ئەوتۆ بیری لە فەتحی ئێران و ڕۆم کردەوە، کە سپای خوانەناسان ئەو هەواڵەیان بیست، پێکەنیان دەهات، بەڵام سەرەنجام کۆشکی زلهێزەکانی ئەو سەردەمە لەلایەن سپای ئیسلامەوە خاپوور کرا.

مەبەستی شەریعەتمەداری لە گێڕانەوەی ئەو بابەتە ئەوەیە کە دەیەوێ بڵێ، سەرکەوتنی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران هاوتای سەرکەوتنەکانی سپای پێغەمبەری ئیسلامە و پاش پێداهەڵگوتنێکی زۆر بەسەر خومەینیدا، دەڵێ، گەلێک پیلان دژی خومەینی و ڕێژیمەکەی لەگۆڕێدا بوون، ئەوکات زۆر کەس کەمترین گومانیان لەوەدا نەبوو، کە ڕێژیمی خومەینی سەرناگرێ، کەچی ئەوە ڕێژیم پاش چل ساڵ هەر ماوە و دژمن هیچی وەدەست نەکەوتووە. پاشان ئیشارە بەوە دەکا کە لک و پۆیەکانی ڕێژیمیش لە یەمەن و سووریە و عێراق سەرکەوتوو بوون. لەبەر ئەوە پرسیار دەکا، کە بۆچی پاش چل ساڵ ڕێژیم هەر ماوە؟

شەریعەتمەداری لە وەڵامی پرسیارەکەی خۆیدا ڕوونی ناکاتەوە، کە بۆچی لە تەمەنی چل ساڵیی ڕێژیمدا بیری بە لای ئەو پرسیارەدا چووە. ئەگەر ڕێژیمەکەیان ناڕووخێ، بۆچی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زۆر جار کاربەدەستانی ڕێژیم باس لە مانەوە و نەمانەوەی ڕێژیم دەکەن؟!

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هاوکات لەگەڵ ئەو قسانەی شەریعەتمەداری، حەسەن خومەینی، نەوەی بناغەدانەری ڕێژیمی ئیسلامی لە حسێنییەی جەمارانی تاران قسەی کردووە و ئەویش هەر ئیشارەی بە ڕووداوەکانی سەردەمی سەرەتای ئیسلام کردووە، بەڵام ئەو، لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە بۆی چووە و بە هێنانەوەی کۆمەڵێک وتەی ئیمامی یەکەمی شیعەکان، هێمای بۆ کۆمەڵێک هۆکار کردووە کە دەبنە هۆی ڕووخانی ڕێژیم.

حەسەنی خومەینی بە ئیشارە بەوەی کە ژێرخانی هەموو کۆمەڵگەیەک ”ئەخلاق و ڕازیبوونی خەڵکە”، داوا دەکا لێکۆڵینەوە لە ڕێساکانی ڕەفتاری ڕێژیم بکرێ، بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ بە پێی ئەو ڕێسایانە ڕێژیم دەتوانێ درێژە بە ژیانی خۆی بدا، یان دەڕووخێ.

هەڵبەت حەسەنی خومەینی لە توێکڵی قسەکانیدا گلەییی ئەوە دەکا کە لە جومگەکانی دەسەڵاتدا بەشی کەسانی وەکوو ئەویان کەم داوە، بۆ ئەوەش وتەی ئیمامی یەکەمی شیعەکان دێنێتەوە کە گوتوویەتی: ”ئەگەر دیتتان کۆمەڵگەیەک سەرمایەکانی خۆی لە بواری هێزی مرۆیی و زانایان و گەورەکاندا بەکار نەهێنا و وەپشتگوێی خستن، ئەوە بزانن ئەوانە نیشانەی ڕووخانی ڕێژیمی ئەو کۆمەڵگەیەن.”

نەوەکەی خومەینی بەردەوام لە قسەکانیدا پاساو بۆ دڵسۆزیی خۆی لە هەمبەت ڕێژیمدا دێنێتەوە و نیگەرانیی خۆی لە مانەوە و نەمانەوەی ڕێژیم بە ئاسایی دەزانێ. ئەو بۆڵەبۆڵەی حەسەنی خومەینی لە کاتێکدایە کە تەنیا بوودجەی دەزگای ”پاراستن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی خومەینی” لە بوودجەی گشتیی ئێراندا بۆ ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی ١٨ میلیارد تمەنە. بۆیە لە کۆتاییی قسەکانیدا مانەوەی ڕێژیم بەوە دەبەستێتەوە کە بەشی خۆی و یارانی ڕیفۆرمخوازیشی لە بوودجە و جومگەکانی دەسەڵاتدا پارێزراو بێت. چونکە خۆی و ڕێفۆرمخوازان بە زامنی مانەوەی ڕێژیم دەزانێ و ئەگەر وەپشتگوێ بخرێن، ڕێژیم دەڕووخێ و بەشی هەمووان وێکڕا بەدۆڵێدا دەڕوا.

***