سوهەیلا حیجاب لە ٣٤مین رۆژی مانگرتنیدا هەروا لە پێداویستیی چارەسەری بێبەشە

خۆڕاگری: سوهەیلا حیجاب، بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین لە مانگرتن لە خواردنەکەی بەردەوامە و هەروەها لە پێداویستییەکانی چارەسەریی پزیشکی بێبەشە.


سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین، پاش تێپەڕینی ٣٤ رۆژ لە مانگرتن لە خواردن هێشتا بەردەوامە لە مانگرتنەکەی.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە سوهەیلا حیجاب هەرچەند تووشی ڤایرۆسی کرۆنا بووە، بەڵام هیشتا لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین لە هەر چەشنە پێداویستییەکی چارەسەری وهەروەها هەرچەشنە پێوەندی لە گەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە.


 سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان لە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری شوێنی ڕاگیرانی و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەکەی مانی لە خواردن گرتووە و داوای کردووە کە بیگوازنەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران.


ئەو پارێزەرە کوردە ڕۆژی شەممە (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، دوای ئەوەی بانگ کرا بۆ لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران و دوابەدوای دانیشتنی دادگا کە پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی دادگای بەرایی لێکەوتەوە، لەکاتی بەجێ هێشتنی بینای دادگا لەلایەن هێزەکانی بنکەی ساروڵڵای سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازراوەتەوە.ڕۆژی چوارشەممە (١٨ی مارسی ٢٠٢٠)، سوهەیلا حیجاب، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.


ئەو چالاکە مەدەنیە بە چەندین تۆمەت وەکوو ”پڕووپاگەندە دژی نیزام“، ”گردبوونەوەی نایاسایی“، ”تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە“، ”دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان“ و ”داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئیران“ سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.


بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، زیاترین حوکمی سوهەیلا حیجاب کە پێنج ساڵ بەندکرانە و ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت کە بە تۆمەتی گردبوونەوەی نایاسایی بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.