دەسبەسەر کرانی وشیار شەعبانی لە بانە

چالاکێکی مەدەنیی شاری بانە ماوەیەکە دەسبەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
وشیار شەعبانی ماوەیەکە بە تۆمەتی بەشداری لە حەڕەکەتە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییانەی گەلانی ئێران دەسبەسەر کراوە. ناوبراو پێشتریش بەشداریی لە چالاکییە مەدەنییەکان پێوەندیدار بە پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان و دژایەتی لەگەڵ هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان کردبوو.
ئامارەکان دەڵێن لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا نیزیک بە ٧٠٠ کەس لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ شوناسی زیاتر لە ٤٠٠ کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. بە هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون و وەک حوسێن نەقەویی حوسێنی، نوێنەری شاری وەرامین لە مەجلیس دەڵێ زیاتر لە ٧٠٠٠ کەسیان لە گرتووخانەکان پەستاوتوە.
بە پێی ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، لەماوەی دوو ڕۆژدا ئەوەندەی ناوەکانیان ئاشکرا بووە نیزیک بە پەنجا کەس تەنیا لە چەند شارێکی وەک کرماشان و جوانڕۆ و مەریوان کوژراون و زیاتر لە هەزار کەس گیراون کە بە شوناسی سەدان کەس لەوان زانراوە.